چاكسازی لە بواری پەروەردەو فێركردندا :

چاكسازی لە بواری پەروەردەو فێركردندا :

خوێندن وەك كلیلێك وایە بۆ چونە ناو گەردونەوە، كە لەو ڕێگەیەوە هەموو شارستانیەتەكان بنیاتنراوە، ئەو زانستەش كە خوای گەورە باسی دەكات تایبەت نیە بە بوارێكەوە، بەڵكو ئەوە زانستێكی گشتگیرە و لەسەر بنەمایەكی بەهێز لە توانا عەقڵی و كلتوری و كۆمەڵایەتی و جەستەییەكانی مرۆڤ دامەزراوە، كە لە لە دایكبونی مرۆڤەوە دەست پێ دەكات هەتا كۆتا قۆناغی ژیانی. گرگترین بنەماكانی ئەم زانستە بریتیە لە پێگەیاندنی مرۆڤێك كە تواناكانی عەقڵی و شیكاری و وردبونەوەی فیكری تێدا بەهێز دەكات بۆ ئەوەی ببێتە هۆكارێك بۆ ئاوادانكردنەوەی زەوی، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە مرۆڤێكی هاوسەنگ هەیە لە ڕوی مەعنەوی و جەستەییەوە، چونكە جەستەی ساغ دەبێتە هۆی بەرهەم هێنانی عەقڵێكی باش، لەهەمان كاتیشدا تەنها جەستەی باش ناتوانێت بە تەنها هۆكاری گەشە كردن و پێشكەوتن بێت ئەگەر خاوەنی عەقڵێكی باش و پێشكەوتو نەبێت لە لایەكی تریشەوە گەشە كردن و پێشكەوتن پێویستی بەكاری كۆمەڵایەتی و گروپ هەیە، ئەمەش پێویستە لەلایەن دامەزراوەكانی پەروەردەو فێركردنەوە گرنگی زۆری پێبدرێت، چونكە لەلایەك هۆكارە بۆ گەشەی عەقڵ و تواناكان ،لەلایەكی تریشەوە پەیوەندیەكی كۆمەڵایەتی باش بنیات بنێت، كە ئەمەش كاریگەری زۆری هەیە لە ڕوی زانستی كۆمەڵناسیەوە كە لە ڕێگەی بنیات نانی پەیوەندیەكی مرۆیی باشەوە دەتوانرێت كۆمەڵگایەكی تەندروست بنیات بنرێت .

زانستی كۆمەڵناسی زانستێكی پراكتیكی كۆمەڵایەتی مەدەنیە لەسەر بنەمای پەیوەندیەكانی هاوڵاتی دروست دەبێت كە سەرەتا لە پەیوەندی نێوان تاك و خێزان پاشان ئەو كۆمەڵگەیەی كە تێیدا دەژین، هەروەها بە كۆی كایەی مرۆڤایەتی دەی بەستێتەوە ئەویش لە ڕێگەی بنیاتنانی كۆمەڵێك بەهای ئەغلاقی و مرۆیی ئاینی و شارستانی كە دەبێت لە سایكۆلۆژیای فێرخوازدا ڕەنگ بداتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە هاوڵاتیەكی مەدەنی كۆمەڵایەتی كە خاوەنی كەسایەتیەكی سەربەخۆو مامەڵەیەكی ڕەوشتی جوان بێت .

تەنها گەشەپێدانی توانا جەستی و كۆمەلایەتیەكانیش بەس نیە بۆ گەشە پێدانی گەلێك و پێشكەوتنی لە ڕوی ئاوەدانكردنەوەو هەنگاو نان بەرەو تەواوكاری، بەڵكو پێویستە گرنگیەكی زۆریش بدرێت بەتواناكان لە بواری كلتوردا، مەبەست لە بواری كلتوریش ئەوەیە كە فێرخواز لە ئاستێكی فراواندا زانیاریەكانی خۆی پەرە پێبدات ،واتە لە هەرشتێك شتێك بزانێت بەڵام پێویستە لە شتێكیشدا هەموو شتێك بزانێت وە ئەمە بەتایبەتی لە بواری زانستەكاندا تەنها لایەنی تیۆری نەگرێتەوە، بەڵكو شارەزاییەكە بچێتە بواری پراكتیكیشەوە، من بۆ خۆم بینیومە لە زانكۆدا كاتێك هەندێك مامۆستا پێی دەوترێت بۆ وتنەوەی وانەیەك كە لە پسپۆڕیەكەی خۆیدا نەبێت داوای لێبوردن دەكات لە وتنەوەی وانەكە یان تەنانەت هەندێكیان ئەگەر بابەتێكیان بەسەردا بدرێت و لە پسپۆریەكەی خۆشیاندا بێت، بەڵام لە شتێكی جیاوازتردا ناتوانن ئەم بابەتەش بڵێتەوە، كەواتە لێرەدا دەپرسین ئایا توانای فیكری و كلتوری ئەم مامۆستایە چەندەو مامۆستای زانكۆ چۆن دەبێت بەو جۆرە بێت .

هەموو فێرخوازێك و مامۆستایەك دەبێت لە بواری پسپۆڕیەكەی خۆیدا تەواو شارەزا بێت و بتوانێت بەشێوەی پراكتیكی لە ژیانی ڕۆژانەدا كاری لەسەر بكات و ئاگاداری هەموو ئەو پێشكەوتنانەش بێت كە ڕۆژانە لەو بوارەدا دێنە پێشەوە .

مزگەوتەكان لە كۆندا سەرچاوەی هەموو زانستەكان بوون ،واتە سەرەڕای زانستە شەرعیەكان زانستەكانی زمان و فیقه و زانستی ڕەوان بێژی و هونەر و زانستی زمان و فەلسەفەو تەنانەت زانستە تەجریبیەكانیش بوون، هەر ئەمەش بوو كە بووە هۆی ئەوەی ئاین و شارستانیەت لەلای گەلانی مسوڵمان پێكەوە جۆش بدرێن و دژایەتیەكیش لە نێوان زانست و ئایندا نەبێت، لە زانكۆكانی ڕۆژئاوادا گرنگیەكیی زۆر دەدرێت بەوەی كە فێرخواز لە بوارێكی پسپۆڕیدا زۆر پێشكەوتو بێت بۆ نمونە لە بواری پزیشكیدا كە من خۆم بەشێك لە پڕۆگرامەكەیم بینیوە بەجۆرێكە كە لە چوار ساڵی یەكەمدا قوتابی هەموو ئەو زانستانە دەخوێنێت كە پەیوەندی بەم بوارەوە هەیە، پاشان چوار ساڵی تر دەخوێنێت لە بواری زانستی پزیشكیدا، لە دوای ئەوە ئینجا پسپۆڕی وەردەگرێت لە بوارێكی تایبەتدا، ئەمەش شێوازی ئەو پرۆگرامەیە كە لە شارستانیەتی ئیسلامیدا هەبووە، بەتایبەتیش لە قوتابخانەكانی (نیزامیە) .

بنەمای هەموو توانایەكی كلتوری دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوە ،بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی كە ئێمە ناخوێنینەوە لەبەر ئەوە تاكەكانمان خاوەنی كلتورێكی پێشكەوتوش نین وە لە ئێستاشدا بەهۆی تەكنەلۆژیا نوێكانەوە زیاتر ئاستی كلتوریمان دابەزیوە، چونكە تەكنەلۆژیای نوێ كاریگەریەكی ئەوتۆی دروست نەكردوە لەسەر زیاتر كردنی وشیاری و ئاستی كلتوریمان، بەڵكو زۆربەی كاتەكانمان لە كۆمەڵە شتێكدا بەفیڕۆ دەچێت كە تەنها كات بە فیڕدانەو نابێتە هۆی گەشە كردنمان لە ڕوی هوشیاریەوە .

گەشەدان بەتوانا كلتوریەكان سەرەتایەكە بۆ بنیاتنانی شارستانیەت ،ئەگەر سەیری ڕۆژئاوا بكەین هەر تاكێكیان ئەوەی پێوە دیارە كە هەست بە بەرپرسیارێتی دەكەن و نرخی كات دەزانن و خۆشەویستیان بۆ ووڵات و نیشتیمانەكەیان هەیە، كاتەكانیان بە فیڕۆنادەن، ئەگەر هەر یەكێكیان ببینیت لە هەموو شوێنێكدا سەرقاڵی خوێندنەوەن لەناو شەمەندەفەرو فڕۆكەو ئۆتۆمبێل و تەنانەت سەیرانگاكانیشدا دەبینیت هەریەكەیان سەرقاَلی خوێندنەوەن و كۆمەڵە كتێبێكیان پێیە .

هەر لەبەر ئەمەشە ئەگەر ئێمە خۆمان بەراورد بكەین لەگەڵ ئەواندا چ جیاوازیەكی گەورەمان هەیە ،لە كاتێكدا نوسەرێك لای ئێمە كە كتێبێك دەنوسێت دەبێت بزانیت كە چەند كاتی بۆ نوسینی ئەو كتێبە تەرخانكردوەو چەند پێوەی هیلاك بوەو چەند كتێب و وتاری بۆ خوێندۆتەوە ،بەڵام كاتێك كە چاپی دەكات بۆ نمونە لە كوردوستاندا تەنها (500) دانە یان هەزار دانەی لێ چاپ دەكات و دەبێت چەند ساڵێكیش ئەو كتێبە لە كتێبخانەكاندا بمێنێتەوەو ئنجابینیت زۆربەشی نەفرۆشراوە، بەڵام ئەگەر سەیری ئەو كتێبانە بكەین كە لە ڕۆژئاوادا چاپ دەكرێت ژمارەكەیان بە ملیۆنان كتێبەو لە ماوەیەكی كەمیشدا لە بازاڕدا نامێنێت، لەبەر ئەوە ئەگەر بەراوردێك لە نێوان ئەم گەلانەدا بكەین بۆمان دەردەكەوێت كە چ گەلێك شایەنی پێشكەوتنە .

پێویستە سیستەمی خوێندن پلانێك بێت بۆ گەشە پێدانی هەموو لایەنەكانی كلتورو عەقڵ لەلای فێرخواز، توانا عەقڵیەكانیش دوو جۆرن :

یەكەم : توانایەكی سروشتیە كە لە مرۆڤدا هەیە و خوای گەورە هەر لەسەرەتای دروست بونیەوە تیایدا دروستی دەكات ئەو توێژینەوە زانستیانەی كە سەنتەرەكانی توێژینەوە لە بەریتانیا بڵاویان كردۆتەوە دەڵێت : هەموو مناڵێك بە زیرەكی لە دایك دەبێت، ئەوە ژینگەیە كە دەبێتە هۆی ئەوەی زیرەكی نەهێڵێت و بەرەو تەمبەڵی ببات .

دووەم : توانا بەدەست هاتوەكان: ئەمیش لە ڕێگەی كەڵك وەرگرتن لە هۆكانی ڕاهێنان و ئەزمونی كەسانی ترەوە وەردەگیرێت، خوای گەورە لە قورئاندا یەكێك لە ئەركەكانی پێغەمبەری دیاری كردووە بەوەی كە فێركردن بێت لە بواری وەحی و داناییدا، چونكە دانایی بەرهەمی كەسێكی تەندروستە لە ڕوی جەستەو عەقڵەوە وەك دەفەرموێت : ( هُۆ الَّذی بَعَث فِی الْأُمِّیِّینَ رَسُولًا مِنْهُمْ ێتْلُو عَڵیْهِمْ ا‌ێاتِهِ ۆیُزَكِّیهِمْ ۆیُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ ۆالْحِكْمَەَ ۆإِنْ كَانُوا مِنْ قَبْلُ ڵفِی ضڵالٍ مُبِینٍ)

ئومەتی ئیسلامیش لە نێوان دوو چاكەدایە چاكەی وەحی كە لەلایەن خوای گەورەوە بۆی دابەزیوە وە چاكەی ئەزمونە سەركەوتوەكان كە بەرهەمی سروشت و عەقڵێكی تەندروستە .

بنیاتنانی توانا عەقڵیەكان دەبێت لە سیستەمی پەروەردەدا بەپێی پلان بێت، چونكە ئەمە سەرەتایەكە بۆ بەگەڕ خستنی عەقڵ لە قورئاندا .زیاتر لە هەزار ئایەت هەیە كە داوای بەكارهێنانی عەقڵ و بیركردنەوەو توێژینەوە دەكات، یەكێك لە هۆكارەكانی دابەزینی قورئان بە زمانی عەرەبی لە پێناوی گەڕانەوەی گەلانی عەرەبیە بۆ سەر ڕێچكەی عەقڵ و وازهێنانیانە لە نەفامی وەك دەفەرموێت : (إِنَّا أَنْزَلْنَاهُ قُرْا‌نًا عَرَبِیًّا ڵعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ)

یەكێك لە خراپیەكانی سیستەمی خوێندن لەم ووڵاتانەی ئێمەدا ئەوەیە كە تەنها پشت دەبەستێت بە شێوازی لەبەر كردن، كە بەم شێوازەش گەشە بە توانا عەقڵیەكان نادرێت ،چونكە گەشە دان بە توانای عەقڵی، واتە پێگەیشتنی قوتابی لە ڕوی توێژینەوەو پلاندانان و ڕێكخستن و شیكار و داهێنانكاری لە ڕێگەی ئەوەوە كە پێی دەوترێت (گوشینی مێشك) واتە : بەشێوەیەك بێت كە فێرخوازێك یان توێژەرێك هەموو تواناو لێهاتنەكانی خۆی لە بوارێكی تایبەتدا بەگەڕ بخات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەیەك بە شێوەیەكی ڕاست و دروست بەڵام ئەوەی ئێستا لە سیستەمی خوێندنی ئێمەدا هەیە تەنها گرنگیدانە بە لەبەر كردن و ئەویش تەنها لە پێناو دەرچوونا لە تاقیكردنەوەكاندا كە پاش ماوەیەك هەموو ئەوانەشی لەبیر دەچێتەوە .

لە ئیسلامدا ئەو زانستەی كە باسی لێ كردووە مەبەست لێی زانستێكی سود بەخشە كاریگەری لەسەر گەشەپێدانی كۆمەڵگا هەیە دەتوانێت گرفتەكانی چارەسەر بكات كاری چاكەش تەنها لە عیبادەت و دروشمە ئاینیەكاندا نابێنێتەوە چونكە لە ئیسلامدا كاری چاكە كارە بۆ دنیاو دواڕۆژ كارەكانی دنیاش دەبنە بەرهەمەی دوا ڕۆژ لەبەر ئەوە پێویستە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا سیستەمی خوێندن لە هەر وڵاتێكدا ڕەنگدانەوەی كلتورو شارستانیەت و ئاینی ئەو ووڵاتە بێت و سود لە هەموو سیستەمە هاوچەرخەكان و تەكنەلۆژیای نوێ و ئەزمونی ووڵاتانی پێشكەوتو ببینێت و ئەو كاتەش دەتوانین خاوەنی سیستەمێكی پەروەردەی و فێركەوتنی پێشكەوتو كە ببێتە مامەیەی ڕزگاربوونی گەلەكەمان لە ئەو قەیرانانەی كە ئێستا تێایدا دەژین .