پلانی كۆچ بەدیدگایەكی نوێ

پلانی كۆچ بەدیدگایەكی نوێ

لەگەڵ تازە بونەوەی هەر ساڵێكدا كۆمەڵێك یادەوەری و رووداوی رابردومان بیر دەكەوێتەوە یەكێك لەوانەش یادی كۆچی پێغەمبەرە كە رێرەوی مێژووی گۆڕی و هاوسەنگیەكانی تێكدا و مرۆڤایەتی خستە ئاستێكی تر، كە بریتی بوو لەكۆچ كردنی پێغەمبەری خوا (د.خ)  لەمەككەوە بۆ مەدینەی پیرۆز، كۆچ بوو بۆ بنیاتنانی ئەزمونێكی ئیسلامی كە ئەمەش بوە روناكی و رووی كردە هەموو كیشوەرەكانی سەر زەمین و خەڵك پۆل بەپۆل هاتنە ناو ئەم ئاینە تازەوە.

پێغەمبەری خوا(د.خ)  و هاوەڵانی لەسەر بانگ كردن بۆ ئەم ئاینە نوێیەی تووشی ئازارو ئەشكەنجەیەكی زۆر بوون، بەتایبەتی قورەیش زۆر بەتوندی رووبەروویان بونەوە، ئازارەكانی پێغەمبەر ئەو كاتە زیادیان كرد كە یەكێك لەپاڵپشتە گەورەكانی كە خەدیجەی خێزانی بوو كۆچی دوای كرد لەدوای ئەویش پارێزەر و پشتیوانێكی گەورەی لەدەستدا كە ئەبو تالیبی مامی بوو، لەدوای ئەوە زۆر هەولیدا كە شوێنێك بدۆزێتەوە بەئازادی بانگەوازی تێدا بكات، بڕیاریدا كۆچ بكات بۆ تائیف لەم كۆچەدا زەیدی كوڕی حاریسە هاوڕێی بوو بۆ ئەوە بوو كە لەلایەن هەردوو هۆزی هەوازین و سەقیف پشتیوانێك بدۆزێتەوەو لەنێویاندا بانگەواز بڵاوبكاتەوە و تائیف بكاتە پێگەیەك بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم ئاینە بۆ هۆزەكانی تر لەدوای ئەوەی كە قورەیش هەموو دەرگاكانیان لەسەر داخست .

بەڵام كاردانەوەی خەڵكی تائیف باشتر نەبوو لەقورەیشیەكان ئەوانیش بەرەو رووی وەستانەوەو پێیان وت ئەگەر تۆ خێرت تیا بوایە خزم و هۆزەكەی خۆت دەریان نەدەكردی لەبەرئەوە هانی منداڵان و گەوجەكانی خۆیاندا كە بكەونە شوێنی و بەبەرد و تەنەكە راویاننا و هەتا ئەمە بوە هۆی ئەوەی كە دەم و چاوی پیرۆزی بریندار ببێت و زەیدیش قاجی و دەم و چاوی تووشی پێكەوتن و ئازا بوو، لەم كاتەدا پێغەمبەر بەبێ ئەوەی هیچ كاردانەوەیەكی ببێت بەرەو مەككە بەرێكەوت، لەرێگەدا خوای گەورە لەئاسمانەوە وەحی بۆ ناردو  جبریلی ناردە لای پێی وت ئەگەر دەتەوێت خوای گەورە ئامادەیە لەسەر تۆ كەتائیف و ئەوەی تێیدایەتی لەناوی ببات بەڵام پێغەمبەری خوا دەفەرموێت من داوام ئەوەیە كە واز لەو كەللە رەقیە بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ پەرستنی خوا بەتاك و تەنیایی ئەمەش ئەو پەڕی لێبوردەیی و رێنمایی پێغەمبەرە بۆ خەڵك چونكە ئەو بەشوێن تۆڵە سەندنەوەدا نیەو دەیەوێت خەڵك رێنمایی بكات بۆ سەر  رێگەی راست.

لەدوای ئەم رووداوە پێغەمبەری خوا (د.خ)  رەش بین نەبوو لەگەیاندنی بانگەوازەكەی و پاشەكشەی نەكردوو متمانەی بەخوا لاواز نەبوو ، لەپاش ئەوە ماوەیەك لەمەككەدا مایەوە بەردەوام بوو لەسەر بانگەوازی خۆی بەڵام ژمارەیەكی كەم باوەڕیان پێ كردوو كەوتنە شوێنی سزاو ئەشكەنجەی موشریكەكمان لەدژی خۆی و هاوەڵانی بەردەوام بوو بەڵام ئەمە نەبوە مایەیی وازهێنان و پاشەكشە بەڵكو دامەزراوی و ئیرادەی بەهێزتر دەكرد و پەیامەكەی لاخۆشەویستر دەبوو، لەكاتی بۆنەی حەجدا سور بوو لەسەر ئەوەی كە پەیوەندی بەهۆزەكانەوە بكات بەتایبەتی لەبازاری عوكاز كەلەوێدا هۆزەعەرەبیەكان كۆ دەبونەوەو شعریان دەخوێندەوە و بەبنەچەو باب و باپیریاندا هەڵیان دەدا، پێغەمبەری خوا دەڵێت ئایا پیاوێكم دەست ناكەوێت كە بمابات بۆ ناو هۆزەكەی خۆی چونكە قورەیش رێگەم نادات كە ئەم پەیامەی خوا بگەیەنم، پانزە خێڵ داواكەیان رەتكردەوە بەڵام خوای گەورە دڵی پشتیوانەكانی بۆ كردەوەو هەندێك لە ئەوس و خەزرەج هاتن و مسوڵمان بونی خۆیان راگەیاند وتیان ( ئەوە ئەو پێغەمبەرەیە كە جولەكەكان بەڵێنیان پێدابوین كە دێت نابێت كەس پێشمان بكەوێت )، ئەم گروپەش ئەوانە بوون كە پەیمانی عەقەبەی یەكەمیان لەگەڵ پێغەمبەردا بەست، لەساڵی دووەمدا شاندێكی 73 كەسی لەژن و پیاو هاتن و لەسەر گوێڕایەڵی كردن لەخۆشی و ناخۆشیدا پەیمانیان بەپێغەمبەردا بڕیاریاندا كە وەك خۆیان و خێزان و كەس و كاریان بیپارێزن ئەمەش پەیمانی دووەمی عەقەبەیە.

لەپاش ئەوە پێغەمبەری خوا (د.خ)  موسعەبی كوری عومەیر وەك یەكەم سەفیری ئیسلام دەنێرێت بۆ مەدینە بۆ ئەوەی كەفێری ئیسلامیان بكات ئەمە بوە هۆی بڵاو كردنەوەی رووناكی ئیسلام لەهەموو ماڵێكدا و روناكیەكە سەرتاسەری شاری گرتەوە وئەمەش بوە هۆی سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی رێگەی خۆش كرد بۆ بانگەواز .

كۆچ كردن بەپلانێكی ورد دارێژرابوو لەگەڵ بونی ئیرادەیەكی بەهێزو ئارامیەكی گەورەدا.

خوای گەورە رێگەیدان بەكۆچ كردن هەموو ئەو هاوەڵانەی كەتوانایان هەبوو لەگەڵیدا رۆیشتن لێرەدا چیرۆكێكی خۆش هەیە ، سوهەیبی رۆمی كاتێك كەویستی كۆچ بكات بێ باوەڕە قورەیشیەكان پێیان وت تۆ كە هاتیە ناومان كرێكارێكی هەژار بوی لەناو ئێمەدا دەوڵمەند بویت و گەیشتویتە ئەو ئاستەی كەئێستا هەیت، ئایا دەتوێت ئێستا بەخۆت و ماڵەكەتەوە كۆچ بكەیت و بەجێمان بهێڵیت؟ وتیان سوێند بەخوا ناهێڵین ئەو كارە بكەیت،  سوهەیب وتی : ئەگەر ماڵەكەم بدەم پێتان ئایا رێگەم دەدەن؟ وتیان بەڵێ، ئەویش وتی: ئەوە هەموو ماڵەكەم بۆ ئێوە، كاتێك كەهەواڵەكە بەپێغەمبەری خوا (د.خ)  گەیشت ئەویش فەرمووی سوهەیب مامەڵیەكی پڕ لەقازانجی كرد.

چیرۆكی كۆچ شتێكی ئاشكرایە لاتان و پرە لەكۆمەڵێك وانەی جوان كە بۆ ئایندەمان سوودمەند دەبێت،  لەوانەش كۆچ توانی پشتیوانی بەخوا لەگەڵ مافی پشتیوانی كار بەیەكەوە گرێ بدات و زۆر بەوردی هەموو هۆكارەكان بگرێتە بەر لەزۆربەی سیستمەكانی جیهاندا تەنها پشت دەبەسترێت بەهۆكارە رواڵەتیەكان وەك لەشارستانیەتی رۆژئاوادا یان هەر پشت دەبەسترێت بەلایەنی رۆحی ، بەڵام ئیسلامی هاوسەنگیەك دەكات و هەردوكیان بەیەكەوە گرێ دەدات لەكاتێكدا كە پشت بەخوا دەبەسترێت دەبێت هەموو هۆكارەكانیش ئامادە بكرێت، چونكە هەر كاتێك مسوڵمانان ئەم هاوسەنگیەیان تێكدابێت سەركەوتوو نەبون و نەیانتوانیەوە ئەوە بەدەست بهێنن كە خوا دەیەوێت لەپێشكەتن و هێزو شارستانیەت.

لەدوای دانانی پلانی ستراتیجی و دابەش كردنی رۆڵ و تواناو  وزەكان هەریەكەیان بەپێی پێویست دەبێت لەدوای ئەوە كە دەست بەجێبەجێ كردن دەكرێت داوای پشتوانی لەخوا بەكەیت بۆ سەرخستنی پلانەكە.

ئەگەر سەیری پلانەكەی پێغەمبەر بكەین بۆ كۆچ پاش ئەوەی كەخوای گەورە رێگەی پێ دەدات پێش دیاری كردنی رێگاكە ئەو هاوەڵە دەست نیشان دەكات كەلەگەڵیدا بێت ، پێش چوار مانگ لەكۆچ حزشترێك ئامادە دەكات و بەباشی ئالیكی بۆ دابین دەكات ، عەلی كوری ئەبو تالیب دەخاتە جێگەكەی خۆی بخەوێت بۆ سەرلێشێواندنی موشریكەكان  و گەراندنەوەی ئەو ئەمانەتانەی كەلەئەستۆیدایە.

رۆڵی ژنان دیاری دەكات بۆ ئەم مەبەستەش عائیشە باس لەخۆی  و خوشكەكەی (ئەسماْ ) دەكات لەرێگەیانەوە باشترین ئالەت دەخاتە بەردەستیان ئەویش پێویستی رێگایە واتە ئامادە كردنی خواردن بۆ كۆچبەران.

رۆڵی منداڵانیش بریتی بوو لەو رۆڵەی كە عبدالله ی كوری ئەبوبەكر گێراویەتی وەك عائیشە دەڵێت كەبەرەو رووی ئەشكەوتەكە بەرێكەوتوون و  گەیشتون بەپێغەمبەری خوا (د.خ)  و ئەبوبەكر ، بۆ ماوەی 3 شەو لەلایان دەمێنێتەوەو كە گەنجێگی تازە پێگەیشتوو وریا بوو، زوو لەشت تێدەگەیشت بەیانی زوو لەئەشكەوتەكە دەردەچوو پاشان دەگەرایەوە بۆ ناو قورەیش  و گوێی لەهەموو ئەو هەواڵانە دەگرت كە باسیان دەكرد پاشان كە شەو دادەهات دەرۆشتەوە بۆ ئەشكەوتەكەو هەواڵەكەی بۆ دەناردنەوە ، لەلایەكی ترەوە عامری كوری فەهیرە بەجەلەبە مەڕێكەوە دەكەوتە رێگە بۆ ئەشكەوتەكە بۆ ئەوەی شوێن پێی ئەوانە بسڕێتەوە كە پیایدا رۆشتون و كە دەگەیشتە ئەشكەوتەكەش شیری مەرەكانی پێ دەدان، لەیەكی تریشەوە پێغەمبەر عبدالله ی كوری ئەریقتی لەگەڵ خۆیدا برد بۆ ئەوەی رێگەیان نیشان بدات سەرەرای ئەوەی كە موشریك بوو بەڵام جێگەی متمانە بوو لەكارەكەشیدا شارەزا بوو لەبەرئەوە رێنمایی كردن بەرەو رێگەیەكی زۆر باش كە قوڕەیش پەی پێ‌ نەدەبرد.

لە ئەشكەوتی سەوریش لەكاتێكدا كە بێ‌ باوەڕان نزیك بوونەوە بە جۆرێك كە ئەگەر هەركەسێكیان سەیری شوێن پێكانی خۆی بكردایە ئەوانی دەبینی بەڵام پێغەمبەری خوا لەوكاتەدا بە ئەبوبەكر دەڵێت گومانت چۆنە بە دوو كەس كە سێهەمیان خوا بێت دڵتەنگ مەبە خوا لەگەڵمانە ئەمەش ئەوپەڕی متمانە و ئارامیە چونكە پێغەمبەری خوا لەم كاتەدا گەورەترین متمانەی بەخوا هەیە و پشتی پێ‌ دەبەستێت و دڵنیایە لەوەی كە رزگاری دەكات و نایدات بە دەست دوژمنەكانیەوە.

بۆماوەی سێ‌ رۆژ لەناو ئەشكەوتەكەدا مانەوە دوای ئەوە قوڕەیشیەكان بە تەواوی بێ‌ هیوا بوون و گەڕانەوە، لەدوای ئەوە خەڵاتێكیان دابین كرد بۆ هەركەسێك كە محمد و هاوڕێكەی بگرێت و بیدات بە دەستیانەوە كە بەهاكەی 100 حوشتر بوو، لەدوای ئەوە سوراقە ویستی ئەم خەڵاتە بەدەست بێنێت بەڵام كاتێك كە كەوتە ڕێ‌ سێ جار ئەسپەكەی كەوت لەوكاتەدا كە پێغەمبەر(د.خ)  هەست دەكات سوراقە بینیونی مژدەی پێدانی تاجی كیسرای پێ‌ دەدات بەم هۆیەوە واز دەهێنێت و دەگەڕێتەوە بەڵام لەكاتێكدا كە سوپای ئیسلام هێرش دەكاتە سەر كۆشكەكانی كیسرا عومەری كوڕی خەتاب دەچێتە سەر مینبەر و دەڵێت: “ئەی مسوڵمانان ئایا سوراقەی كوڕی مالیك لەناوتانایە؟” ئەویش دەڵێت: بەڵێ‌ ئەی ئەمیری مسوڵمانان، عومەریش بانگی دەكات و تاجەكەی دەخاتە سەر و بەمەش مژدەكەی پێغەمبەر دێتەدی لەرێگەی كۆچەكەیدا بەلای ( ئوم  معبد)  تێ دەپەڕێت  داوای لێ دەكات كە خواردنێكیان بداتێ ئەویش دەڵێت هیچ شتێكمان لانیە تەنها ئەو مەرە لاتە نەبێت پێغەمبەری خواش (د.خ) دەستێك بەگوانیدا دەهێنێـت و پڕ دەبێت لەشیر ، لەدوای ئەوە خۆی و ئەبوبەكرو هەموو ئەوانەی لەو دەورەدان تێر شیر دەبن.

لەكاتێكدا كە پێغەمبەری خوا (د.خ) گەیشتە ( قباْ ) و خەڵك هاتنە دەرەوە بۆ پێشوازی و بەخێرهاتنی ئەمەش بەوە هۆی ئەوەی كە ئازارەكانی مەككەی بیر بچێتەوەو لێرەوە وەك روناكیەكی پڕشنگدار ئیسلام بەجیهاندا بڵاوبكاتەوە.

بەم جۆرە بۆمان دەردەكەوێت ئەو كەسەی كە پشت بەخوا ببەستێت و ئەو كۆمەڵەو دەوڵەتەی كە روو لەخوا بكات و داوای كۆمەكی لێ بكات و پلانی ستراتیژی هەبێت و دەست بەهۆكارەكانەوە بگرێت  خوای گەورە سەری دەخات و دەیگەیەنێتە ئامانجەكانی