فەتوایەك دەربارەی زەكاتی پرۆژەكانی وەبەرهێنان  :

فەتوایەك دەربارەی زەكاتی پرۆژەكانی وەبەرهێنان  :

زۆر پرسیاری جۆراو جۆرم بۆ دێت دەربارەی چۆنیەتی زەكات دان لە پرۆژەكانی وەبەرهێناندا، سەرەتا لە قۆناغی دەست پێكردنەوە هەتا ئەو كاتەی تەواو دەبێت و قازانج دەكات لە پێناو وەرگرتنی وەڵامێكی دروست لەم بارەیەوە، هەوڵ دەدەین بە ڕونی وەڵامیان بدەینەوە .

وەڵام /

الحمد لله رب العالمین والصلاە والسلام علی المبعوث رحمە للعالمین وعلی ا‌له وصحبه أجمعین، وبعد .

پرسیاری یەكەم :

من لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاوڕێیانم پاش كۆكردنەوەی ڕێژەیەك لە دارایی لە ساڵی 1998 ،دەستمانكرد بە دروست كردنی نەخۆشخانەیەك ، لە ساڵی 2003 كۆتایی پێهات و دەستی بەكار كرد، پاشان كردمان بە چەند پشكێكەوە هەریەكەیان بە پێی بەشداری كردنی ڕێژەی پشكەكانی بەركەوت .

لە دوای ساڵی 2003 وە تەنها دوو جار قازانجمان بە پارەی نەقد وەرگرتوە، بەڵام ساڵەكانی تر قازانجەكەی بەكار هاتووە  بۆ فراوانكردنی نەخۆشخانەكەو كڕینی ئامێری نوێ، لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا ئاستی بەهای پشكەكانیش بەرز بوەتەوە، ئەویش بەهۆی فراوانبونی ڕووبەری نەخۆشخانەكەو زۆربونی ژمارەی ئامێرەكان و بەرزبونەوەی نرخیان .

وەڵام /

  • هەموو ئەو پارانەی كە كۆكراوەتەوە بۆ دروست كردنی پرۆژەكە وەك ئەو نەخۆشخانەیە زەكاتی لێ ناكەوێت هەتا ئەو كاتەی تەواو دەبێت و قازانج دەكات، چونكە ئەم پرۆژەیە بۆ فرۆشتن و مامەڵەی بازرگانی نیە، بەم هۆیەوە نابێتە بابەتێكی بازرگانی واتە داراییەكی ئامادە كراو بۆ كڕین و فرۆشتن .
  • ئەگەر كەسێك بێتە ناو ئەم پرۆژەیەوە بە نیەتی فرۆشتنی بەشەكەی خۆی نەك مانەوە ئەو كاتە زەكات لە ئەم بەشە دەكەوێت ئەگەر ساڵیكی بەسەردا تێ بپەڕێت، چونكە لە ڕوی شەرعیەوە بە نیەتی بازرگانی هاتووە .
  • ئەگەر ئەو پارەیە بەشێوەی سیولە لەلای بەڕێوبەری پرۆژەكە بمێنێتەوە و ساڵی بەسەردا تێپەڕببێت و لێی خەرج نەكرێت ،ئەوكاتە پێویستە زەكاتی لێ بدرێت، لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە بەڕێوبەری پرۆژەكە سەیری ئەو دراوە نەقدیە بكات كە لەلای ماوە، چونكە ئەگەر ساڵێكی بەسەردا تێپەر ببێت ئەوا پێویستە زەكاتی لێ بدرێت، ئەو كاتە یان لەلایەن كارگێڕە ئیداریەكەوە زەكاتەكە دەدرێت یان لەلایەن خاوەنەكەیەوە. ئەمەش بەردەوام دەبێت هەتا پرۆژەكە تەواو دەبێت، ئەگەر كارگێڕەكەش سەرپشك نەكرابێت ئەو كاتە پێویستە خاوەن پشكەكان ئاگادار بكات كە ڕێژەی ئەو زەكاتەی كە پێویستە بیدات چەندە .
  • لە دوای تەواو بوونی پرۆژەكە ،پێویستە زەكات بدرێت بەپێی ئەو میزانیەیەی كە هەیە بەم شێوەیەی خوارەوە :

سەیری سندوقی دارایی دەكرێت بە پێی ڕێژەی ئەو پارەیەی كە هەیەتی لە خەزێنەو بانك و هاوشێوەكانی و ئەو قازانجەی كە كردویەتی، ئەو شتانەی كە ئامادەن بۆ فرۆشتن ،هەروەها ئەو قەرزانەش كە هەیە و بۆ پرۆژەكە وەرگیراوە لێرەدا ڕێژەی قەرزەكان ساڵانە دادەشكێنرێن ،لە كۆتایشدا ڕێژەی زەكات لەو پارەیە دەدرێت  بە لە 2.5% بەپێی ساڵی كۆچی بە ڕێژەی 2.575%بە ئەگەر میزانیەكە بەپێی ساڵی خۆری (شمسی).  بوو (كە ئێستا مامەڵەی پێوە دەكرێت) ،پاشان ڕێژەی زەكاتەكە دابش دەكرێت بەسەر پشكەكاندا، بەڵام ئەگەر كارگێڕی پرۆژەكە بەم كارە هەڵنەسا، ئەوا بەشداربوەكان پێویستە داوای ئەو میزانیەیە بكەن و بیبەن بۆ لای زانایەكی پسپۆڕ كە زەكاتەكەیان بۆ دەربكات، ئەگەر ئەمەش نەكرا ئەو كاتە پێویستە بەشداربوەكە زەكاتی ئەو پارەیە بدات كە بەری دەكەوێت بە ڕێژەی لە 10% .

پرسیاری دووەم :

پێش ماوەیەك بەشێك لە پشكە تایبەتیەكەی خۆم فرۆشتوە بۆ كڕینی شوقەیەك بۆ ئەوەی تێیادا نیشتەجێببم ؟

وەڵام / ئەگەر هەندێك لە پشكەكانت فرۆشتوە بەڵام لە ڕابردووادا زەكاتت لێ نەداوە، پێویستە بە ڕێژەی لە 2.5% زەكاتەكەی بدات .

پرسیاری سێیەم :

ئایا زەكات لەو پارەیە دەدرێت كە بەشێوەی پشك بەشداریمان كردوە لە پڕۆژەی نەخۆشخانەكەدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ؟

ئەگەر ئەو زەكاتە واجب بێت ئایا پێویستە لەسەرەتای دەست پێكردنی پڕۆژەكەوە ساڵی 1998 یان پێویستە لەسەرەتای كردنەوەی نەخۆشخانەكەدا (ساڵی 2003) بدرێت  ؟

وەڵام / بەڵی پێویستە زەكات بدرێت هەروەك لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا باسمكرد .

زەكات لە پارەی سیولە دەدرێت لە هەموو ساڵاكاندا بێجگە لەپارەی سیولە زەكات لە پرۆژەكە نادرێت هەتا ئەو كاتەی قازانج دەكات لە دوای ئەوەوە زەكاتەكە بەڕێژەی 2.5% بۆ ساڵی كۆچی و بە ڕێژەی 2.575%  بۆ ساڵی خۆری دەدرێت .

پرسیاری چوارەم :

ئایا شێوازی زەكات دانەكە چۆنە ؟ ئایا ساڵانە دەدرێت بەپێی بەهای پشكەكە، لە كۆتایی هەموو ساڵێكدا، یان ئەو كاتە دەدرێت كە پشكەكە بفرۆشیت ؟

وەڵام / پێویستە زەكاتەكە بەپێی نرخی پشكەكە ساڵانە بدرێت بۆ ئەوكەسەی كە بازرگانی بەو پشكانەوە دەكات .

بەڵام ئەو وەبەرهێنەرەی كە دەیەوێت لە پرۆژەكەدا بمێنێتەوە و سود لە قازانجەكەی وەربگرێت ،ئەوا بەپێی سەرجەم دارایی پرۆژەكە حسابی بۆ دەكرێت و زەكاتی وەردەگیرێت .

پرسیاری پێنجەم :

ئایا زەكات لەو پارەی قازانجە دەدرێت كە دابەش دەكرێت ؟

وەڵام / بەڵی ئەگەر زەكاتی پشكەكەت نەدا ،ئەوا پێویستە زەكاتی ئەو بەشە قازانجە بدەیت كە بەرت دەكەوێت بەڕێژەی 10% .

پرسیاری شەشەم :

ئایا پێویستە ڕاستەوخۆ زەكات لە پارەی قازانجەكە بدرێت یان دەبێت ساڵێكی بەسەردا تێپەرببێت ؟.

وەڵام / ئەگەر لە پشكەكە زەكاتت دابێت ئەوا پێویست ناكات جارێكی تر لە قازانجەكەی زەكات بدەیت، بەڵام ئەگەر زەكاتی پشكەكەت نەدابوو ئەوا پێویستە زەكاتی قازانجەكەی بەڕێژەی لە 10% بدەیت لەو كاتەی كە ڕاستەوخۆ قازانجەكە وەردەگریت .

پرسیاری حەوتەم :

ئایا زەكات لە فرۆشتنی بەشێك لە پشك وەردەگیرێت .

وەڵام / بگەڕێرەوە بۆ رون كردنەوەی پێشوو .

پرسیاری هەشتەم :

ئایا زەكات راستەوخۆ لە دوای وەرگرتنی پارەی فرۆشتنی پشكەكان وەردەگیرێت یان دەبێت ساڵێكی بەسەردا تێپەڕ ببێت، بەتایبەتیش ئەگەر ئەم پارەیە یەكسەر بدرێت بە شوقەیەك بۆ نیشتەجێ بون ؟

وەڵام / لە پرسیاری شەشەمدا وەلامدراوەتەوە .

وا‌خر دعوانا أن الحمد لله ربّ العالمین

وصلی الله علی سیدنا محمد وعلی ا‌له وصحبه وسلم

د.عەلی قەرداغی

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئەوروپی بۆ فەتواو توێژینەوە