یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان ئیدانەی كۆمەڵكوژی مسوڵمانانی بۆرما دەكات

یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان ئیدانەی كۆمەڵكوژی مسوڵمانانی بۆرما دەكات

یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان لە نزیكەوە چاودێری ئەو بارودۆخە ناهەموارە دەكات كە مسوڵمانانی ڕۆهینجا لە میانمار تووشیان هاتووە كە لە بەرامبەریشدا بێدەنگییەكی ئیسلامی و جیهانی هەستی پێدەكرێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە مسوڵمانانی میانمار كەوتوونەتە بەردەم شاڵاوی لەناوبردن و دەركردن, لە هەمان كاتدا تووشی بارودۆخێكی زۆر ناهەموار بوون، ئەویش بەهۆی كەمی خۆراك و هەموو پێداویستییەكانی ژیان.
لەم كاتەدا دەسەڵاتدارانی بۆرما هێرشێكی دڕندانەیان كردووەتە سەر مسوڵمانانی ڕۆهینجا, ئەمەش بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە. ئەنجومەنی ڕۆهینجای ئەوروپی دەڵێت لە هێرشەكانی ئەم دواییانەدا لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە هەرێمی ئەراكان زیاتر لە سێ هەزار مسوڵمان كوژراون.
یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان داوا دەكات كە بە پەلە ئەم هێرشە دڕندانە ڕابگیرێت و داوا لە دەسەڵاتدارانی میانماریش دەكات, كە ئەم كارە نامرۆڤانە كۆتایی پێبهێنێت بە تایبەتیش ئەو هێرشە ڕەگەزپەرستانە كە هەندێك لایەنی ناو حكومەت پێی هەڵدەستن و ئەمانە هەموو بوونێكی ئیسلامی ڕەتدەكەنەوە و بە هەموو شێوەیەك دەیانەوێت ژیان لە مسوڵمانان وەربگرنەوە.
لێرەوە یەكێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان داوا دەكات كە:
یەكەم: داوا لە هەموو موسوڵمانانی جیهان و هەموو ئازادیخوازانی جیهان دەكات كە پشتیوانی لە ستەملێكراوانی بۆرما بكەن بۆ ئەوەی ڕێگەبگرن لە ئەو هێرشە دڕندانەی كە رووبەڕووی مسوڵمانان بووەتەوە. چونكە خوای گەورە دەفەرموێت [أنما المؤمنون اخوة], پێغەمبەری خواش دەفەرموێت [المسلم اخو المسلم لا يظمه و لا يسلمة] دووەم: یەكێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان داوا لە هەموو ولاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ڕێكخراوی هاریكاری ئیسلامی و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات كە بێدەنگی بشكێنن و لە ئاست ئەو كۆمەڵكوژیەی كە ئێستا دژ بە مسوڵمانانی ڕۆهینجا بە ڕێوەدەچێت هەڵوێستێكی ئازایانە بگرنە بەر لە پێناو ڕاگرتنی ئەو هێرشە دڕندانە و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لەو هەرێمەداو گەڕانەوە بۆ هەستێكی مرۆڤ دۆستانە لە بەرامبەر ئەو كارە نامرۆڤانەدا.
سێیەم: داوا لە ڕێكخراوە فریاگوزاری و خێرخوازییەكان دەكەین لەسەر ئاستی جیهانی و ئیسلامیدا كە بە پەلە بەدەم ئەم مسوڵمانانەوە بچن و هاوكاری بەپەلەیان فریا بخەن.
چوارەم: یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان داوا لە مسوڵمانانی میانمار دەكات كە خۆڕاگربن و دان بە خۆیاندا بگرن و پشت بە خوا ببەستن و دڵنیا بن كە لە ژێر چاودێری خوادان و خوای گەورەش پشتیوانی ستەملێكراوانە.
[يا أيها الذين امنوا ان تنصروا الله ينصركم و يثبت أقدامكم]

ئەمینداری گشتی
د. عەلی قەرەداغی
سەرۆك
د. یوسف قەرزاوى