شوێنكارەكانی ئیمان لەسەر رەوشت و مامەڵەی مرۆڤی مسوڵمان :

شوێنكارەكانی ئیمان لەسەر رەوشت و مامەڵەی مرۆڤی مسوڵمان :

ئەگەر لە ئەمڕۆدا سەیری واقیعی ئوممەتی ئیسلامی بكەین، گەورەترین ئیشكالیەتی ئەوەیە كە گرنگی بە رواڵەت دەدات و كرۆك و ئامانج و مانا قوڵەكانی تێگەیشتنی دینی پشتگوێ‌ خستووە، ئەمەش پێچەوانەی تێگەیشتنی قورئانە بۆ ژیان و بوون، چونكە قورئان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئوممەتی ئیسلامی باشترینی ئوممەتەكانە و هانی باوەڕداران دەدات كە گرنگی بدەن بە لایەنی ئەخلاقی و كرداری و لەگەڵا رەچاوكردنی گرنگی دان بە عەقیدە و عیبادەت و دروشمەكان، داوا دەكات كە با عەقیدەو عیبادەتەكان و دروشمەكان شوێنكاری هەبێت لەسەر هەڵس و كەوت و مامەڵەكانی و ببێتە چرا بۆ دەوروبەرەكەی.

ئەمە ئەو شتە گرنگە بوو كە پێغەمبەری خوا لە وتاری ماڵئاوایی دا جەختی لەسەر كردەوە، داوای لێكردن كە بە دەستورێكی ئەخلاقی ژیان بەڕێ‌ بكەن و جۆرێك لە ئایندەبینی فێركردن لەكاتێكدا كە پرسیاری لێ‌ كردن، ئەم رۆژە چ رۆژێكە؟ وتیان خواو پێغەمبەرەكەی دەزانن، ئەم مانگە چ مانگێكە؟ وتیان خواو پێغەمبەرەكەی دەزانن، پاشان پرسیاری شوێنی لێ‌ كردن، لە هەموو كاتێكدا هاوەڵان بەوە وەڵامیان داوەتەوە كە ئەوە لە زانستی خواو پێغەمبەردایە، ئەویش بەهۆی ئەدەبی گەورەی هاوەڵان بوو. پاشان پێغەمبەر (د.خ) ماددەیەكی دەستوری، یاسایی، كۆمەڵایەتی، ئیمانی ئیسلامی بۆ داڕشتن، فەرمووی “خوێن و ماڵا و شەرەفتان بەیەكتر حەرامە وەك حەرامی ئەم رۆژە و ئەم مانگە لەم شارەدا” جیاوازی نیە لە تاواندا لە هەر جێگەیەك ئەنجام بدرێت، یان لە هەركاتێكدا بێت، واتە هەر تاوانێك لە هەر شوێنێك ئەنجام بدرێت وەكە ئەوە وایە لە رۆژێكی حەرام لە مانگێكی حەرام لە وڵاتێكی حەرام ئەنجام بدرێت.

پێغەمبەر جەخت لەسەر ئەم بنەمای باوەڕو  دەستورە دەكاتەوە لە چەندان فەرموودەدا ،كە ئەمەش لە فەرموودە سەحیحەكاندا هەیە، لەوانەش فەرموودەكەی ئیبن و عومەر (مسوڵمان ئەو كەسەیە كە مسوڵمانان بێوەی بن لە زمان و دەستیان، كۆچكەریش ئەو كەسەیە كە كۆچ بكات لە شتێك كە خوا فەرمانی پێكردووە، لێی دوربكەویەوە).

پیاوێك لە پێغەمبەری پرسی چ ئیسلامێك خێرە؟ ئەویش فەرمووی “مسوڵمان ئەوەیە كە مسوڵمانان پارێزراوبن لە دەمی و لە كردەوەكانی، باوەڕداریش ئەو كەسەیە كە باوەڕداران دڵنیابن لێی لە ماڵا و جەستەیان” ئەم دەستەواژە گەورانە (ئیسلام ، ئیمان ، كۆچ) پێگەی تایبەتیان هەیە لە ئیسلامدا، هەروەها لە كەسایەتی مسوڵمانیشدا مانای خۆی هەیە.

ئیمان واتە باوەڕ بوونە بە پێنج ئەركانەكە، ئەمانە بناغەن بەڵام بێ‌ ئیمان دانامەزرێن و مانا پەیدا ناكەن، پێغەمبەری خوا پێمان دەڵێت كە دەبێت ئەو ئیمانە كاریگەری لەسەر رەوشت و مامەڵەی مسوڵمان هەبێت، دەبێت خەڵك لە ماڵا و سامان و نەقس و شەرەفی پارێزراو بێت. چونكی ئیمان تەنها وشە نیە بە زمان بوترێت، بەڵكو لە دڵدا جێگیر دەبێت و كردەوەكان شایەتی بۆ دەدەن. لە شوێنكاری ئەم ئیمانەشدا ئەوەیە كە دەبێت ژینگە و هەموو زیندەوەران لێی دڵنیا بن كە زیانیان پێ نەگەیەنێت.

ئیسلام لەسەر پێنج ئەركان بنیات نراوە، بەڵام ئەمانە پێویستیان بە چەسپاندن لە واقیعدا هەیە و گرنگترینی ئەوەیە كە مسوڵمانان پارێزراوبن لە زمان و دەستی، كۆچی راستەقینەش دوو مەرجی گرنگی هەیە، یەكەمیان بە ئاینەكەتەوە بڕۆیت بۆ وڵاتێكی تر، دووەمیان كۆچ كردنە لە تاوان، لەم حاڵەتەشدا باوەڕدار هەست بە بوونی برایەتیەكی راستەقینە دەكات وەك قورئان دەفەرموێت [إنما المۆمنون إخوە] ئەمەش تەنها دروشم بەرزكردنەوە نیە، بەڵكو ماف و ئەركە، ئەم برایەتیە زۆر لە برایەتی خوێن گەورەترە، پێغەمبەر لە فەرموودەیەكدا دەڵێت: مسوڵمان برای مسوڵمانە، ستەمی لێ‌ ناكات، بوغزی نیە، سەرشۆڕی ناكات، نایداتە دەستی دوژمن، بۆ باوەڕداریش ئەوەندە شەڕی بەسە كە رقی لە برایەكی خۆی بێت، هەموو مسوڵمانێك ماڵا و سامان و شەرەفی بەوی تر حەرامە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ لە مسوڵماناندا دەیبینین سەرقاڵا بوونیانە بە رووكەش و گرنگیەكی ئەوتۆ نادەن بە ناوەڕۆك، مامۆستایەكی زانكۆ لە لەندەن كە ئافرەت بوو سكاڵایەكی بۆ نووسیم كە تەعبیر بوو لە واقیعێكی خەمناك، لە سكاڵاكەیدا دەڵێت: گەنجێك كە بە روكار خواناس و خاوەن تەقوا دەردەكەوت ناردیە خوازبێنیم، گەنجەكە زۆر نوێژكەر بوو زۆربەی نوێژەكانی بە كۆمەڵا دەكرد،منیش رازی بوم ، بەڵام پاش ئەوەی كە شوم پێكرد و ماوەی مانگێك تێپەڕی بە سەریدا، نامەیەكی بۆ ناردم كە تەڵاقدان بوو، كە پرسیارم لێ‌ كرد بۆچی ئەو كارەت كردووە لە وەڵامدا وتی هەندێك لە زانایانی شەرع فتوایان بۆ دەدام كە مسوڵمان دەتوانێت ژنێك مارە بكات بە نیەتی تەڵاق، منیش بەو نیەتە تۆم هێناوەو ئێستا لێت جیا دەبمەوە، ئەم رووداوە زۆر گاریگەری كردبووە سەر ئەو ئافرەتە، خەریك بوو واز لە ئیسلام بهێنێت، زۆر بە گران توانیمان قەناعەتی پێ‌ بكەین، كە ئەوانە نوێنەرایەتی ئیسلام ناكەن و ئەوانە تەنها بە رواڵەت مسوڵمانن.

زۆربەی مسوڵمانان لە ئێستادا هەڵگری جەوهەری ئیسلام نین، لە رەوشت و مامەڵەیاندا دین نابینی، چونكە ئیسلام ئاینی كردەوەو رەوشتە، خوا پێویستی بە درشمی بریقەدار و روكەش نیە، هاوسەنگی دەكات لە نێوان مافەكانی خواو مافەكانی مرۆڤ بەبێ‌ ئەوەی سەیری رەنگ و رەگەز و ئاین بكات. ئەمەش لەو فەرموودەیەی پێغەمبەردا رەنگ دەداتەوە كە دەڵێت (مسوڵمان ئەو كەسەیە كە مسوڵمانان دڵنیابن لە زمان و دەستی).

پێغەمبەری خوا لەسەر ئەم رێسایانە نەوەی یەكەمی هاوەڵانی پەروەردە دەكرد، خۆیان بە مانا جوانەكانی ئیسلام رازاندبوەوە و تەنها خۆی لە كۆمەڵێك قسەی زل و روكەشدا نەدەبینیەو ،چونكە هەر كاتێك ئیمان بەو جۆرەی لێهات فاتیحە فاتیحەی لە سەر بخوێنە .

بەڵام ئەگەر عیبادەتەكان لە ئێمەدا ببێتە مایەی بەگەڕخستنی تواناكان و ببێتە مایەی خێر بۆ هەموو مرۆڤ و ئاژەڵا و ژینگە، ببێتە مایەی هاندانمان لەسەر چاكە و خێركردن، ئەوكاتە با دڵمان بەو ئیمانە خۆش بێت و ئەو بەڵێنانەش دەمانگرێتەوە كە خوا دەیدا بە بەندە خواناسەكانی.

لە رۆژگاری ئەمڕۆدا زۆرینەی مسوڵمانان نوێنەرایەتیەكی خراپی ئیسلام دەكەن، نموونەیەكی ناشیرینیان دروست كردووە لە توندڕەوی و دواكەوتوویی و نەفامی لەكاتێكدا كە ئێمە دەبوایە بۆ یەكتر بەسۆز و هاوكار و چاكەخواز بوینایە و بۆ دوژمنان ئازا و خۆڕاگ بوینایە.لە فەرمودەیەكدا پێغەمبەری خوا دەفەرمێت (دنیا كێڵگەی دوا رۆژە ،پێشینانیش ووتویانە چی بچێنیت ئەوە دە دورینەوە .