رەمەزان وێستگەی لێخۆشبوون و خولێكی راهێنانی پەروەردەیی

رەمەزان وێستگەی لێخۆشبوون و خولێكی راهێنانی پەروەردەیی

ن: دكتۆر عەلی قەرەداغی*

پێغەمبەری خوا لە فەرموودەیەكدا دەفەرموێت (هەركەسێك بە ئیمانێكی تەواوەوە بەرۆژوو بێت، خوای گەورە لەهەموو تاوانەكانی خۆش دەبێت) ئەم مانگە رۆڵی گەورەی هەیە. ئەگەر بەشێوەیەكی باش لە دەروندا بچەسپێت و لە ریا دوور بكەویتەوەو نیەتمان تەنها رەزامەندی خوا بێت. پێویستە لە رەمەزاندا خۆ ئامادەكردنێكی باش هەبێت بۆی، ئەویش سەرەتا بە پەشیمان بوونەوە دەبێت لە هەموو ئەو نا تەواوی و كەموكوڕیانە كە بەرامبەر بە خوای گەورە كردووتەو مافەكانیت پێشێل كردووە و سنورەكانیت نەپاراستووە. پێویستە پەشیمانی دەرببڕین و داوای لێخۆش بوونی لێ بكەین، خۆمان بە كەمتەرخەم و تاوانبار لە قەڵەم بدەین، بڕیار بدەین دووبارەی نەكەینەوە.

دووەم شت پێویستە ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر بە مافی خەڵك كردوومانە پەشیمان ببینەوە، مافەكانیان بۆ بگەڕێنینەوە. گەردنی خۆمانیان پێ‌ ئازاد بكەین، هەروەها دەبێت لە سەرەتاوە پلانێك دابڕێژین كاتەكان بە فیڕۆ نەدەین، بەربانگ لە كاتی خۆیدا بكەینەوە، پێغەمبەری خوا لە فەرموودەیەكدا دەفەرموێت: هەركەسێك بەربانگ بۆ مسوڵمانێكی رۆژوەوان بكاتەوە. پاداشتی كەسە رۆژوگرەكەی هەیە، بەبێ‌ ئەوەی لە پاداشتی ئەویش كەم ببێتەوە.

هەروەها گرنگی بدەیت بە خوێندنی قورئان و رەوشتی بەرزو نزاو پاڕانەوە (ۆإِذا سَاڵكَ عِبَادِی عَنِی فَإِنِی قَڕیبٌ اجِیبُ دَعْۆەَ الدَاعِ إذا دَعَانِ) ئەگەر بەندەكانم داوای لێ خۆشبوونم لێ بكەن. من لێیانەوە نزیكم، وەڵامی داواكاری هەر كەسێك دەدەمەوە ئەگەر داوام لێ بكات.

رۆژو كۆمەڵێك حیكمەتی گەورەی تێدایە، گرنگترینیان هەستكردنە بە برسێتی هەژارەكان، ئەوانەی ئێستا لەژێر چادر و لەبەردەم گەرمای بەتین یان سەرمای سەختدا دەژین. ئەمڕۆ سەدان هەزار مسوڵمان ئاوارەو بێ‌ رێگەوجێگەن برسی و نەخۆشن و پەككەوتەن ،هەر لە بەنگلادیشەوە هەتا میانمارو ئەفریقیای ناوەڕاست و عێراق و سوریاهەن لە سوریادا 5ملیۆن كەس ئاوارەن ،ئاوارەكانی غێراقیش ژمارەیان گەیشتۆتە 800000 كەس .

، مانگی رەمەزان مانگی پاداشت و خێرو خۆشییە، هەركاتێك كە رەمەزان دەهات پێغەمبەری خوا مژدەی گەورەی بە یارەكانی دەدا. دەیفەرموو مانگی بەرەكەت و خۆشی هاتەوە. دەرگاكانی دۆزەخ دادەخرێن، دەرگای بەهەشت دەكرێتەوە. هەموو شەوێكی رەمەزان ژمارەیەكی زۆر لە تاوانباران بەرلێبوردن دەكەون و بەرەو بەهەشت بەڕی دەكەون.

رەمەزان وێستگەیەكی گەورەیە بۆ لێخۆش بوون، لە فەرموودەیەكدا هاتووە (پێنج نوێژەكە هەینی بۆ هەینی ،رەمەزان هەتا رەمەزانێكی تر. تاوانی نێوانیان دەشواتەوە ئەگەر تاوانی گەورەی تیانەبێت) (هەركەسێك بە ئیمانێكی تەواوەوە رەمەزان بگرێت خوای گەورە لە هەموو تاوانە پێشینەكانی خۆش دەبێت)

خوای گەورەش دەربارەی گەورەیی ئەم مانگە دەفەرموێت (شَهْرُ رَمَضانَ اڵذی انْزِڵ فِیهِ الْقُرْا‌نُ هُدًی لِلنَاسِ ۆبَیِنَاتٍ مِنَ الْهُدَیٰ ۆالْفُرْقَانِ) مانگی رەمەزان ئەو مانگەیە كە قورئانی تیا دابەزیوە كە رێنماییە بۆ خەڵك و مایەی رۆشنكردنەوە رێگەی ژیانە. هەروەها پێغەمبەری خواش لە فەرموودەیەكدا كە ئیمام ئەحمەد گێڕاویەتیەوە دەفەرموێت (ئوممەتەكەم لە رەمەزاندا پێنج سیفەتی پێ‌ بەخشراوە كە بەهیچ ئوممەتێكی تر نەدراوە) .

(اعْطێتْ امَتِی خمسَ خِصال فی رمصانَ لم تُعْطهُنَا امَەٌ من الامَم قَبْڵها؛ خُلُوف فِم الصائِم اطیبُ عند الله من ریح المسْك، وتستغفرُ لهم الملائكەُ حَتی یُفطروا، ویُزَیِنُ الله كڵ یوم جَنتهُ ویقول: یُوْشِك عبادی الصالحون ان یُلْقُواْ عنهم المۆونە والاذی ویصیروا إلیك، وتُێفَد فیه مَرَدەُ الشیاطین فلا یخلُصون إلی ما كانوا یخلُصون إلیه فی غیرهِ، ویُغْفَرُ لهم فی ا‌خر لیلە، قِیْڵ یا رسول الله اهِێ لیلەُ القَدْڕ؟ قال: ڵا ولكنَ العامڵ إِنما یُۆفَی اجْرَهُ إذا قضی عَمَڵه )

یەكەم: بۆنی دەمی رۆژوەوان لەلای خوا لە بۆنی میسك خۆشترە.

دووەم: فریشتەكان داوای لێخۆش بوونی بۆ دەكەن هەتا بەربانگ دەكاتەوە.

سێیەم: خوای گەورە هەموو رۆژێك بەهەشتیان بۆ دەرازێنیتەوە، بۆئەوەی نارەحیەتیەكانی دنیایان لەبیر بەرێتەوە.

چوارەم: شەیتانەكان كۆت و زنجیر دەكرێن، ناهێڵن لە رێگەی راست لایان بدەن، لەبەرئەوەی دەبینی لە رەمەزاندا حەزكردن لە خێرو چاكە زۆر دەبێت و خەڵك لە تاوان دوور دەكەونەوەو روو دەكەنە مزگەوتەكان و زۆرترین عیبادەت ئەنجام دەدەن.

پێنجەم: لە كۆتا شەوی رەمەزاندا خوای گەرە لە هەموو ئەو كەسانە خۆش دەبێت لە ئوممەتی محمد كە بەرۆژوو بون و سیفەتی قبوڵبوون لە رۆژوەكانیاندا هەبوە.

هەموو ئەم رێزو پاداشتانە كە لە ژمارە نایەن خزمەتێكی گەورەیە بۆ ئەم ئوممەتە، كە خوای گەورە رێزی لێ ناوە بە ئەم مانگەو بە ئەو سیفەتە بەرزانەو بەبوونی شەوی قەدر كە خوای گەورە كردوویەتیە مانگی لێخۆشبوون. هەموو ئەمانە تەعبیر لە دەرگای سۆزو بەزەیی خوا دەكەن بۆ مرۆڤ كە لە دنیاو دوارۆژدا بە بەختەوەری بژی. هەموو ئەم پاداشتە گەورانە بۆ كەسێكە كە رۆژویەكی راستەقینە بگرێت و ئەركەكانی رۆژوو جێبەجێ‌ بكات، لە بەیانیەوە هەتا ئێوارە پابەند بێت بە مەرجەكانی رۆژوو، خۆی بگرێتەوە لە شەهوەتەكانی جنس، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە رۆژو تەنها بۆ ئەو دوو مەبەستە نیە، بەڵكو دەبێت تەواوی ئەندامەكانی مرۆڤ بگرێتەوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە دەرونی مرۆڤەوە هەیە، لە دڵ و لە زمان و ئەندامەكانی .

رۆژوی راستەقینە دەبێت تەواوی پێكهاتەكانی مرۆڤ بگرێتەوە، مرۆڤیش لە سێ‌ رەگەزی سەرەكی پێكهاتووە، ئەوەی لە ناوەوەدایە بریتییە لە دڵ و دەروون، واتە دڵت پاك بكاتەوەو خەڵكت خۆش بوێت و بوغزو رقت لە كەس نەبێت و دەرونت هێمن و ئارام بێت. بە بەشی خوا رازی بێت و ملكەچی قەدەرەكانی بێت، نەفسێك نەبێت كە فەرمان بە خراپە بكات و بەشوێن تاواندا بگەرێت، بەڵكو خاوەن نەفسێكی لۆمەكەر بێت بۆخۆی، رەخنە لە خۆی بگرێت لەسەر تاوان و سەرزەنشتی خۆی بكات.

ئەگەر ئەم مانگە مانگی خۆ گرتنەوەبێت لەشتە حەڵالەكان و بەدرێژایی رۆژ خۆی لە بەرامبەریاندا بگرێت و دامەزراوبێت لەئاستیاندا. كەواتە دەبێت لە بەرامبەر حەرامەكاندا چۆن بێت؟ وەك درۆو شایەتی درۆو روانینی نامەحرەم. لە فەرموودەیەكدا پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: (هەر كەسێك واز لە ووتەو كرداری خراپ نەهێنێت خوا هیچ پێویستی بەوە نییە لە خواردن و خواردنەوەكەی دور بكەوێتەوە) .

خوای گەورە رۆژوی بەستۆتەوە بە تەقواوە نەك بە خۆ گرتنەوە لە خوردن و خواردنەوە. چونكە خوا پێویستی بە برسی بوون و تینو بوونی ئێمە نییە. بەڵكو قوتابخانەیەكە بۆ پەروەردە بوون لەسەر رەوشت بەرزی و راستگۆیی و چاكەكاری. واتە لەم مانگەدا رێگە لە حەڵاڵەكان دەگیرێت هەتا ئیرادەی بەهێز دروست بكات بۆ بەرەو رووبونەوەی حەرامەكان لەدوای ڕەمەزان .خوای گەورە دەیەوێت ئەم مانگە مانگی گۆڕانكاری بێت : (إن الله لا یغیر ما بقوم حتی یغیروا ما بانفسهم)

چونكە خوای گەورە دەزانێت كە دڵەكانمان نەخۆشن و لاوازن، حەز لە تاوانكاری دەكەن زینا دەكەن و پیاو دە كوژن و دەست درێژی دەكەنە سەر ئافرەت و حەرام دەخۆن، ماڵی كەسانی تر داگیر دەكەن ،زۆربەی ئەمانە مسوڵمانن و نوێژ دەكەن و ڕۆژو دەگرن و سەیری ئەم ئیزدیواجیەتە بكەن كە لە زۆربەماندا هەیە، خوای گەورە دەیەوێت ئێمە خاوەنی كەسایەتیەكی بەئیرادەو ڕەوشت بەرزو شەفاف بین ،نهێنی و ئاشكرامان وەك یەك بێت، لە دوای ڕەمەزانیش بە هەمان گوڕو تینەوە ڕووبەڕووی خراپەكاریو حەرامەكان ببینەوە، بەهێزبین و هەست بەگەورەیی خوا بكەین .

ڕەمەزان قوتابیەكی پەروەردەییە بۆ مسوڵمانان ،خولێكی یەك مانگیە بۆ ڕزگار بوون لەتاوان و خراپەكاری و دروست كردنی كەسایەتیەكی چاكە خواز، ڕۆژو نەك دەبێت لە خراپە دروست خاتەوە بەڵكو دەبێت بەرگەی خراپەی بەرامبەرەكانیش بگری و بەجوانی مامەڵەیان لەگەڵدا بكەیت وەك لەفەرمودەیەكدا هاتووە (ئەگەر یەكێك شەڕی لەگەڵ كردی یان جنێوی پێداییت بڵی من بەڕۆژووم) واتە تۆ بەزەردەخەنەوە وەڵامی بدەرەوە، بزانە ئەمە چ پەروەردەیەكە بزانە بەرامبەرەكەت هەست بەچی دەكات ،لە ئایەتێكی تردا باس لە سیفەتەكانی عباد الرحمن دەكات (وعباد الرحمن الذین یمشون علی الارض هوناً) بەڕێگادا بەشێوەیەكی خاكی دەڕوات، فیزی بەسەركەسدا نیە، پۆز لێنادات، شانازی بەخۆیی و سامان و دەسەڵاتیەوە ناكات لەبەرامبەر هەڵەو زیادە رەوی نەفاماندا ئاشتی و سڵاوی پێیە ( وإذا خاطبهم الجاهلون قالوا سلاماً )

ئەمە ئەو پەروەردەیەبوو كە ئیسلام هێنای بۆ ژینگەیەكی نەفامی عەرەبی و لەو ژینگە هاوەڵان و خەلیفەكانی ئیسلامی دروست كرد .

ڕۆژو بۆ ئەو ئامانجە پەروەردەییانە فەرز كراوە، دەبێت كاریگەری لەسەر دەرون و ڕەوشت و مامەڵەو هەڵس و كەوت هەبێت، ئەگەر وانەبێت بێجگە لە خۆ برسی كردن و تینوكردن هیچی تری لێ سەوز نابێت .

*ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان