عەلی قەرەداغی: “هەموومان لە كارەساتەكانی سووریا بەرپرسیارین”

عەلی قەرەداغی: “هەموومان لە كارەساتەكانی سووریا بەرپرسیارین”

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان، د.عەلی قەرەداغی لە دیمانەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە گشتپرسی 16ی نیسانی توركیا و گۆڕانكاری دەستووری ئەو وڵاتە و كاریگەری بۆ وڵاتانی ئیسلامی، هەروەها دۆخی سووریا و بەرپرسیاریەتی وڵاتانی جیهان لەو كارەساتانەی دژ بە هاووڵاتیانی مەدەنی ئەو وڵاتە، نزكیبوونەوەی كۆتایی هاتنی جەنگی داعش لە عێراق، دۆخی سوننەكانی عێراق و كردەوە تیرۆریستییەكانی وڵاتانی جیهان و هەڵوێستی یەكێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان لەسەر ئەو كردەوانە كرد.
-” گۆڕانكارییەكان هێزێكی زیاتر دەدات بە لایەنی جێبەجێكار بۆ یەكخستنی بڕیارو خزمەتی زیاتری دەبێت”
د.عەلی قەرەداغی لەبارەی گشتپرسی تایبەت بە گەڵاڵەنامەی گۆڕانكاری دەستووری توركیا دوا و گرنگی پڕۆسەكەی روونكردەوە و لەو بارەیەوە گوتی: “ئێمە وا دەزانین بابەتی توركیا مادام دەبێتە هەڵبژاردن ئەوكاتە ئینشائەڵڵا دەنگی گەل بۆ شتی باش دەڕوات، لەبەر ئەوە گەلی توركیا هەر بژاردەیەكیانی هەڵبژارد ئەوە شتێكی دروست و راستە، بەڵام بێگومان گۆڕانی دەستوور بەهەموو گۆڕانكارییەكانی كە ئێستا تیایەتی سوودمەند دەبێت بۆ توركیا و هێزێكیش دەدات بە لایەنی جێبەجێكردن، ئێستاش لە جیهاندا هەردوو نیزامەكە هەیە لەوانە نیزامی سیاسی وەك ئەوەی لە ئەمریكا هەیە و سەرۆكایەتییە، نیزامی سیاسیش هەیە كە پەرلەمانییە.
دەمێنێتەوە سەر ئەوەی دەستوور و یاساكان كە تەمسیلی ئەو دەستوورە بكات لەگەڵ خەڵكانێكی باش و بەرنامە و پڕۆگرامی باشدا، وەك ئاشكراشە حزبی دادو گەشەپێدان توانیان لەژێر سێبەری پەرلەمانیشدا خزمەتێكی زۆری توركیا و جیهانیش بكەن و توركیایان زۆر بەرەو پێشەوە برد بەتایبەتی لە بواری ئابوروی و كۆمەڵایەتی و زۆر بواری تردا ئەو وڵاتە هەنگاوی باشی ناوە.
ئەم گۆڕانكارییەی ئامادەكراوە ئەگەر جێبەجێ‌ بكرێت ئەوكات هێزێكی زیاتر دەدات بە لایەنی جێبەجێكار بۆ یەكخستنی بڕیارو خزمەتی زیاتری دەبێت”.
“هەردوو جیهانی ئیسلامی و عەرەبی سوودمەندە لە بەهێزی توركیا”
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان بەهێزی توركیا بە قازانجی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی ناو دەبات و گوتی: “تائێستا هیچ شتێكی وا دەرناكەوێت كە توركیا تموحی ئەوەی هەبێت قیادەی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی بكات، بەڵام دەیەوێت خزمەت بكات بۆ جیهانی عەرەبی و ئیسلامی، هەردوو جیهانی ئیسلامی و عەرەبیش سوودمەندە لە بەهێزی توركیا، تاوەكو توركیا بەهێزتر بێت و یەكگرتووتر بێت و تا توركیا دادوەری تێدا بێت و گەلەكەی هەموو یەك بن، ئەوە هەموو خزمەتێكە بۆ دەوروبەری توركیا و خزمەتن بۆ جیهانی ئیسلامی و دەرەوەش. چونكە ئەگەر توركیا دەوڵەتێكی بەهێز و پێشكەوتوو بێت دەتوانێت نموونەیەكی جوان بدات بە جیهانی ئیسلامی و رۆژئاواش، بەوەی كە جیهانی ئیسلامیش دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە پێشكەوتن و پیشەسازی و كۆمەڵایەتی و رۆڵی هەبێت لە هێز و پاراستندا”.
” ئەوەی كرا لەو وڵاتانەی ئەورووپا بەتایبەتی هۆڵەندا كارێكی ناڕەوا بوو”
قەرەداغی سەبارەت بە دژایەتیكردنی گۆڕانكاری دەستووری توركیا لەلایەن بەشێك لە وڵاتانی ئەورووپی و رۆژئاوا و كردەوەكانی هۆڵەنداوە دوا و گوتی: “وەك یەكێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان پێشتر رامانگەیاند كە ئەو كارانەی هۆڵەندا و چەند دەوڵەتێكی تری ئەورووپا كردیان كارێكی ناڕەوایە، تەنانەت بەپێی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان هەموو كەس بۆی هەیە بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپا كە ئازادی و سەربەستی و دیموكراسی تێدایە و خەڵك ئازادە دەنگ دەدات بەكێ‌، ئەوەی كرا لەو وڵاتانە دروست كرا بۆ لایەنێكی سیاسی بوو بەتایبەتی لە هۆڵەندا پارتی دەسەڵاتدار بۆ بەدەستهێنانی دەنگی هەڵبژاردن بوو تا بتوانێت سەركەوتوو بێت، ئەگەرنا ئەوەی كرا لەو وڵاتانەی ئەورووپا بەتایبەتی هۆڵەندا كارێكی ناڕەوا بوو.
لەهەمانكاتدا سەرمان سووڕما لەوەی ئەورووپا بگاتە ئەو رادەیەی تەحەدی توركیا بكات یان تاڕادەیەك هەندێك كردەوە ئەنجام بدات دژی توركیا كە ئەم وڵاتە رۆڵێكی گەورەی هەبووە لە ئەورووپا و تائێستاش زۆربەی هێزی ناتۆ لە توركیایە و دەوڵەتێكی چالاك و كاریگەرە لە ناتۆدا.
هەروەها لە جەنگی جیهانی یەكەم و دووەمدا توركیا هاوكاری زۆری وڵاتانی ئەورووپای كرد، تەنانەت ئەڵمانیا دانی بەوەدا نا كە گەلی توركیا خزمەتێكی زۆری ئەڵمانیای كردووە تاوەكو ئەڵمانیا بگاتە ئەم پلەیەی ئێستا، بەڵام ئەو كردەوەیەی ئەو وڵاتانە بەرامبەر توركیا ناڕەوا و بەڵگەیە لەسەر ئیزدیواجیەتی پێوەرەكان، كە بەداخەوە ئەو وڵاتانە بەیەك پێوەر مامەڵە ناكەن و ئەگەر لەگەڵ موسوڵمانان بێت بەشێوەیەك مامەڵە دەكات و ئەگەر لەگەڵ مەسیحی و جولەكە بێت بەشێوەیەكی تر مامەڵە دەكەن.
ئامۆژگاری من بۆ هەموو موسوڵمانان بە گشتی و گەلی توركیا بەتایبەتی ئەوەیە سەیری ئەوان نەكەن چی دەكەن، پێویستە ئەوە زیاتر هانمان بدات كە زیاتر خۆمان پێشبخەین و زیاتر لە بوارەكانی پیشەسازی و جیهانی تەكنەلۆژی و بازرگانی نێودەوڵەتی و بوارەكانی تر بەرەو پێشەوە بچین و خۆمان بەهێز بكەین و پشت بەوان نەبەستین”.
“بەردەوامی ئەو كارەساتانەی لە سووریا روودەدات پڕۆژەیەكی ئیسرائیلییە”
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان بە نیگەرانییەوە باس لە بەردەوامبوونی جەنگی سووریا و كوشتنی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە و وێرانكردنی شارەكان دەكات ، ئەوەش بە پڕۆژەیەكی ئیسرائیلی نادەبات.
د.عەلی قەرەداغی لەو بارەیەوە دەڵێت: “ئەوەی لە سووریا روودەدات كارەساتێكی زۆر گەورەیە و لەدوای كارەساتی میانمار هیچ كارەساتێكی تر نییە لە جیهاندا هێندەی ئەم كارەساتەی سووریا گەورە بێـت كە تائێستا 12 ملیۆن كەس ئاوارە و دەربەدەر بوون، نزیكەی یەك ملیۆن كەس بوونەتە قوربانی. ژێرخانی ئەو وڵاتە بەتەواوی خاپوور كراوە و زۆربەی باڵەخانە و خانووەكانی روخێنراون كە ئەوەش بۆ چەند هۆكارێكی سەرەكی دەگەڕێتەوە، لەوانە سووریا بوو بە هۆی ئەوەی دەزگا هەوڵگرییەكانی دەوڵەتە گەورەكان و وڵاتانی هەرێمی و ناوچەكەش بێنە ناو وڵاتەكەوە، ئێستا ململانێی سووریا بووەتە ململانێی هەواڵگری و تائیفی لە نێوان سوننە و شیعە كە كامیان كامیان لەناو ببات، ئەم ململانێ‌ و كێشانەش كە هەیە تەنها گەلی ئەو وڵاتەی كردووەتە قوربانی.
هۆكاری دووەم كە لە هەمووی گرنگترە مانەوەی بەشار ئەسەد وایكرد گرووپی توندڕەوی قاعیدە و دواتر داعش دروست ببێت، ئەگەرنا لە سەرەتای جەنگەكەدا لە ساڵی یەكەم و دووەم هیچ یەك لە قاعیدە و داعش لەو وڵاتە بوونیان نەبوو، دوای ئەوە قاعیدە و دواتر داعشیش پەیدا بوو.
قیادەی داعش تێكەڵبوون لەگەڵ هەواڵگری نێودەوڵەتی و هەرێمی، بەبەڵگەی ئەوەی تائێستا داعش جگە لە زیان بە ئەهلی سوننە هیچ سودێكی نەبووە، تەركیزی زیاتریشی لەسەر ناوچە سوننییەكانە بۆ خاپووركردنی، لەوانەش رومادی و ناوچە سوننییەكانی دیكەی عێراق و ئەوەی ئێستاش لە مووسڵ روودەدات، لە سووریاش بەهەمان شێوە.
وەك یەكێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان لەگەڵ دەستێوەردانی دەرەكی نین لەو وڵاتە، بەڵام چەند پێمان ناخۆشە بگاتە قۆناغێك كە موسوڵمانان بچن داوای هاوكاری بكەن لە ئەمریكا یان رووسیا بۆ ئەوەی رزگاریان بكات كە ئەوەش كێشەیەكی زۆر گەورەیە و هۆكارەكەشی بۆ ئەو كارەساتە گەورە دەگەڕێتەوە، هەموومان بەرپرسیارین بەرامبەر ئەو كارەساتانەی لە سووریا روو دەدات.
توركیا رۆڵێكی زۆر گەورەی هەبووە لە هاوكاری كردنی گەلی سووری و بەرپرسیارێتییەكی زۆر گەورەی قبوڵكرد، تائێستا نزیكەی سێ‌ ملیۆن ئاوارە و دەربەدەری سووریای لەخۆگرتووە كە لەهیچ شوێنێك ئەوە نەبووە، جگە لەوە نزیكەی چوار تا پێنج ملیۆن هاووڵاتی دیكەی سووریا لەو وڵاتە دەژین، لە لایەنی سیاسیشەوە توركیا هەوڵی زۆری داوە.
جگە لە توركیا هەریەك لە قەتەر و عەرەبستانی سعوودیەش هەوڵی باشیان داوە، بەڵام ئەو كارە بە سێ‌ دەوڵەت ناكرێت و كارێكی جیهانییە و كارێكە ئیسرائیل لێی سوودمەندە و پڕۆژەكە پڕۆژەیەكی ئیسرائیلییە كە دەیەوێت ئەم ناوچەیە خاپوور و وێران بێت بۆ 20 تا 30 ساڵ و گەلی سووری بیر نەكاتەوە لە روبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و زایۆنی”.
“داهاتووی سوننە لە عێراقدا زۆر كێشەیە”
قەرەداغی لە بارەی نزیكبوونەوەی كۆتایهاتنی شەڕی داعش لە عێراق و كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، چارەنووسی سوننەكانی عێراق و مەترسییەكانی بەردەمیان دوا و هۆشداری دەدات لە پەرتەوازەیی سوننەكان.
لەو بارەیەوە گوتی: “سوننەی عێراق ئەگەر كۆنەبنەوە و یەك نەگرن و نەبنە یەك ئەوكات داهاتووی سوننە لە عێراقدا زۆر كێشەیە، من وا دەزانم لەم كاتەدا فەڕیزەیەكی زۆر شەرعییە كە ئەهلی سوننە بەگشتی بە كورد و عەرەبیشەوە كۆببنەوە لەگەڵ ئەهلی عێراق، پێویستە مەشروعێكی جامیع هەبێت بۆ هەموو عێراقییەكان لەسەر بنەمای هاووڵاتی بوون و بنەمای ئازادی و مافەكان، نەوەك لەسەر بنەمای تائیفییەت.
دەبێت پڕۆژەكە وابێت كە هەمووكەس لە شوێنی خۆیدا بێت و كەس لەسەر شوێنی خۆی دەرنەكرێت و ئەوەی دەركراوە بگەڕێندرێتەوە بۆ شوێنی خۆی، لەم پڕۆژە گشتییەدا كە ئێمە لەگەڵیداین كە عێراقێكی خاوەن پڕۆژە و ماف و سەروەت بێت و داهاتەكەی بۆ هەمووان بێت.
ئێستا لە قۆناغێكی تائیفیدا دەژین، قۆناغێك كە وڵاتانی هەرێمی و جیهانی زۆر چاویان لەوەیە كە بگەڕێنەوە و سەروەت و داهاتی هەموو وڵاتەكە وەربگرن و پارەشیان بدرێتێ‌ لە پای ئەوەی بەرگریت لێدەكەن، بۆیە پێویستییەكی شەرعییە كە ئەهلی سوننە بەگشتی بە كورد و عەرەبەوە كۆببنەوە لەسەر پڕۆژەیەكی رێك و پێك ، پاشان ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ پڕۆژەی عێراقی بەبێ‌ ئەوەی دژایەتی بێت بۆ هیچ گرووپێك ببێتە پڕۆژەیەكی عێراقی گشتگیر كە مافی هەموو كەسێكی تێدا بێت.
بەڵام ئەگەر سوننە پڕۆژەیەكی نەبێت بۆ خۆی و هەموو كۆنەبنەوە لەسەر (كلیمە سوا) و كۆمەڵێك لە سەوابیتەكان، ئەوكات من وا دەزانم داهاتووی عێراق زۆر مەترسیدار دەبێت”.

“تەقینەوە و كردەوە تیرۆریستییەكان بۆ شێواندی وێنای ئیسلامە لە جیهاندا”
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان لە كۆتایی دیمانەكەی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، باس لە زیادبوونی كردەوە تیرۆریستییەكانی جیهان و ئەنجامدانی ئەو كردەوانە لەژێر چەتری داعش دەكات، هۆكاری سەرەكی ئەنجامدانی ئەو كردەوانەش بۆ شێواندی وێنای ئیسلام لە جیهاندا دەگەڕێنێتەوە.
د.عەلی قەرەداغی گوتی: “داعش ئێستا بووەتە چەترێكی گشتی كە هەركەس كردەوەیەكی ناشیرین و خراپ و تیرۆریستی بكات بەناوی داعشەوە دەیكات، كەسیش نازانێت داعشە یان نا، بەڵام ئەم كارانە هیچ كات پەیوەندی نییە بە ئیسلامی راستەقینەوە و ئەوەی بەناوی داعشەوە دەكرێت لە سووریا یان لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و وڵاتانی تر كە كراوە چ سوودێكی هەیە بۆ ئیسلام، ئەگەر ئەوان موسوڵمان بن ئەوا بەهیچ جۆرێك دروست نییە كە موسوڵمان كەسێك بكوژێت جگە لە كەسێك نەبێت كە دەستدرێژیت بكاتە سەر.
هۆكارە سەرەكییەكانی جیهاد وەك خوای گەورە لە قورئاندا باسی دەكات بۆ رەتكردنەوەی ستەم و گەڕاندنەوەی خەڵك بۆسەر شوێنی خۆی و پاراستنی جێگاكانی خواپەرستییە، ئەی تۆ چۆن دەچیت كەنیسەیەك وێران دەكەیت؟ ئەوانە هەمووی پێچەوانەی شەریعەت و مرۆڤایەتییە و كاری ئەوانەیە كە دوورن لە ئاینی ئیسلامەوە، لە ئێستاشدا دەزگا هەواڵگرییەكان و هەندێك هۆكار هەیە كە ئەمانە بەكاردەهێنن لە رێگەی بەكارهێنانی ئامێر لە مێشكی ئەو كەسانە و دەرزی و هۆكاری ترەوە كە مێشكیان دەشۆنەوە و ئەو كردەوانەیان پێ‌ ئەنجام دەدەن بۆ شێواندنی وێنای ئیسلام لە جیهاندا”.