دكتۆر عەلی قەرەداغی لەهەوڵێكی ئاشتەوایدایە لەنێوان دەوڵەتی توركیاو پارتی كرێكاران

دكتۆر عەلی قەرەداغی لەهەوڵێكی ئاشتەوایدایە لەنێوان دەوڵەتی توركیاو پارتی كرێكاران

رونكردنەوەیەك لەلایەن پرۆفیسۆر د.عەلی قەرەداغی، دەربارەی رووداوەكانی ئەم دواییەی توركیا

 بە خەم و پەژارەیەكی زۆرەوە بە بەردەوامی چاودێری رووداوەكانی توركیا دەكەم، بە تایبەتیش ئەو رووداوانەی كە ئێستا لە نێوان دەوڵەتی توركیا و پارتی كرێكاران لە ئارادایە، كە ئەمەش بوەتە هۆی رژانی خوێنی زۆری هاوڵاتیانی بێتاوان و وێران بوونی ژێرخانی ئابوری باكوری كوردستان و زۆر ناوچەی تری توركیا ، هەروەها چەندان تەقینەوە كە ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی دەكاتە ئامانج ، هەموو ئەمانە منی زۆر نیگەران كردووە، چونكە من ئاشتی و پێكەوە ژیانم دەوێت بۆ هەموو گەلانی توركیا و بەتایبەتیش تورك و كورد، كە وەك دوو گەلی مسوڵمان هەریەكە بە مافی خۆی بتوانێت لەگەڵ ئەویتردا بە ئاسودەیی بژی .

ئەو شەڕەی كە ئێستا لە ناوخۆی وڵاتی توركیا بەڕێوە دەچێت، لە كاتێكدایە كە هەموو ناوچەكانی چواردەوری توركیا وەك سوریاو عێراق، كەوتونە ناو شەرێكی خوێناوی، كە تا ئێستا مێژوو كارەساتی وای بەخۆوە نەبینیوە، لە رووی ستەمكاری و كۆمەڵكوژی و كاری تیرۆریستی .

لە رووی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی و هەوڵێك بۆ ڕاگرتنی ئەو خوێنڕێژی و توندتو تیژیەی لە كوردستانی باكور و ناوچەكانی تری توركیا لە ئارادایە، ئێستا لە هەوڵێكداین لە نێوان دەوڵەتی توركیا و پارتی كرێكاران، بۆ ئەوەی جارێكی تر هەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و یەكەمجار شەڕ لە نێوان هەردوولادا بوەستێت، پاشان گفتوگۆكان درێژەیان پێ بدرێت و دەست بە دانوستان بكەنەوە، لەسەر بنەمایەكی بەهێزو دادپەروەرانەو بەو پەڕی شەفافیەتەوە درێژە بە گفتوگۆكان بدەن .

ئێستا ئێمە لە هەوڵێكی لەو جۆرەداین، هیواخوازین ئەم هەوڵەمان بگاتە ئەنجام و ئامانجی خۆی بپێكێ ، بەڵام دەبێت ئەو راستیەش بزانین كە ئەم كارە ئاسان نیەو پێویستی بە دانایی و قوربانیدان هەیە و دەبێت لەلایەن هەردوولاوە كەش و هەوای گونجاوی بۆ دروست بكرێت .

لەو بڕوایەدام كە ئاشتی و پێكەوە ژیان باشترین رێگەیە، ئەمەش خوای گەورە فەرمانی پێ كردووە و ئەزموونە مرۆییەكانیش ئەوەیان سەلماندوە، كە بەدرێژایی مێژوو هەموو گرفتە ناوخۆییەكان بەڕێگەی ئاشتی و دانوستان و دانایی و لەیەكتر تێگەیشتن و پشت بەستن بە ئالیەتی دیموكراتی هێمنانەو ئامانجدار  چارەسەر بوون، نەك جەنگ و تیرۆر و توندو تیژی.

لە كاتێكدا من سەرقاڵی ئەم هەوڵە ئاشتەواییەم، بەڵام لەهەمان كاتدا ئیدانەی هەموو كارێكی توندو تیژی و تیرۆرو كوشتن و وێرانكاری دەكەم لە هەر لایەكەوە بێت، ئێمە لەگەڵ راستی و ئاشتی و پێكەوە ژیان و دادپەروەرین و دژی شەڕو ستەمكاری و خوێن رشتنین.

خوای گەورە پەیمانی لە زانایان وەرگرتووە كە راستی بۆ خەڵك ڕوون بكەنەوەو بە دادپەروەرانە لەگەڵ كێشەكاندا مامەڵە بكەن و ئەم پەیامەش بگەیەنن وەك دەفەرموێت (الَّذینَ یُبَلِّغُونَ ڕسَالاتِ اللَّهِ ۆێخْشَوْنَهُ ۆلا ێخْشَوْنَ أَحَدًا إِلا اللَّهَ ۆكَفَی بِاللَّهِ حَسِیبًا)

خوای گەورە پشتیوانی هەموو لایەك بكات كە بگەڕێنەوە بۆ لۆژیك و عەقڵ و دانایی و ئاشتی و پێكەوە ژیان ، جارێكی تر ئارامی و ئاسایش بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكەو بەتایبەتیش هەردوو گەلی كوردو تورك لە نێو خۆی دەوڵەتی توركیادا، بە ئاشتی و ئارامی بەیەكەوە بژین .

پڕۆفیسۆر. د. عەلی  محێدین قەرەداغی

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان

26-6-2016